شڤان نەوزاد

 

یاداشتنامەی (سێشەممان لەگەڵ مۆری ـ 1997بڵاوبۆتەوە ) ی ( نوسەر،ڕۆژنامەنوس،موزیسیان،دراماتیست، سیناریۆنوس،بێژەری تەلەفزیۆن و ڕادیۆی ـ میچ ئەڵبوم ـ ۱۹٥٨ لەدایکبووە)بەڕەگەز ئەمریکی.

لەم یاداشتنامەیەدا بەر 14 وانەی گرینگ دەکەوین، کەهەر وانەو گرنگیدانە بە باسێک، مشتومڕە دەربارەی چەند بابەتێک، دوبارە تەفسیرکردنەوەی چەمکەکانە گێڕانەوەی بەهاکانە. وانەکانی مۆری لە ئەزمونەوە دەوتریتەوە، واتە وانەکان دەرەنجام و لێکەوتەی ڕوداون، ئەزمونگەلێکن کە ڕاستەوخۆ بەر ژیان کەوتون دواتر بون بە وانە. بەگشتی وانەکانی مۆری لە دەوری یەک کۆمانای گشتی دەسوڕێنەوە ئەویش ( مانای ژیانە).

لە کۆوانەکانی سێشەممەدا مۆری یەکەم وانە بە (دونیا) دەستپێدەکات،هەڵیبەت وشەی دونیا لای مۆری هاو واتای وشەی (ژیان)ە ، مرۆڤ سەرەتا دەژیەت ،دواتر فێرەبێت. ئەوەی مۆری باسی دەکات ژیانی (ڕوت)ە،ژیان بە مانا سادەکەی بەڵام ژیان لای ئەو پڕە لە بەرپرسیاریەتی، لێوانلێوە لە ئەرک، بە جۆرێک دوای ئەوەی پزیشک پێی ڕادەگەیەنێت کە دەمرێت بەڵام مۆری لە بەرپرسیاریەتی هەڵنایەت و لە بێباکیدا نوقوم نابێت. بۆ نمونە خوێندنەوەی ڕۆژنامە بە بەردەوامی بۆ ئاگادار بون لە دونیاو دەوروبەری .

هەمو ئەو چەمکانەی مۆری باسیان دەکات لە وانە جیاوازەکاندا هەریەک نرخ و ئەرزشی خۆی هەیە وپێویستیشی لەسەر راوەستانە بەڵام لە هەندێکیاندا وردو بە بەرپرسیاریەتیەوە ڕوناکیان دەخاتەسەر لەوانە: ترس لە پیربونلای مۆری پیریتی مرۆڤ فێری جوان بینین و جوان ئەزمونکردن و جوان تێگشتن دەکات، ئەو لە پیری ناترسێت بەڵکو پیری دەکاتە گرنگترین وێستگەی ئەقڵانییەت، بەبەهاترین قۆناغی دروست ڕوبەڕوبونەوەی ژیان بەکورتی پیری لای مۆری جیا نابێتەوە لە گەیشتن بە حیکمەت.

یاخود لەباسی مردندا،بڕواهێنان بە مردن ئاقاری ژیان دەگۆڕێت،بڕواکردن بە مەرگ بریتییە لە خۆئامادەکردن،خۆتەیارکردنیش بۆ مەرگ واتە هەوڵدان بۆ ئەو شتانەی کە دەتەوێ لەژیان و ئەو کەسەیش کە دەتەۆیت،بۆیە لەڕستەیەکدا دەڵییت:کاتێک فێردەبیت چۆن بمریت،فێریش دەبیت چۆن بژیت ـ ل ۱۰۱،لەم سۆنگەیەوە مەرگ ڕاستەقینە ژیانە،گرنگیپێدانە،نرخاندنە.هەروەها (هەستی ئازار)یەکێکە لەهۆیەکانی نزیکبونەوەی مرۆڤ لەیەکتری.یاخود (خۆشویستن)بەبێ ئامانج و بەرژەوەندی،خۆشەویستی بێ پرسیا و مەرج بۆ مرۆڤ.هەروەها ئاماژە بە تێکەڵبون بەژیانی ڕۆژانەو نقومبون لە کاری ڕۆتینی و ئالودە بون بە شتە بچوک و زوپەڕەکانی ژیان کاریک دەکات شتە بەبەهاکان لەیادبکەین و دواتر پەشیمانی لەدەستدانی بەها بەرزەکانی ژیانمان بین.